قەدەغەی هاتووچۆ لە باشووری کوردستان تا ١٠ی ئایار درێژکرایەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم قەدەغەی هاتووچۆی لە هەرێمی کوردستان لە ٢ی ئایار تا ١٠ی ئایار درێژکردوە، ئەو جێگایانەی تا ئێستاش نە کرابوونەوە بە داخراوی دەمێننەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی قەدەغەی هاتووچۆوە بە هۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، قەدەغەی هاتووچۆ لە کاتژمێر ٧ بۆ ١٢ی شەو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، هەروەها دەسەڵات دەدرێت بە سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٧ی ئێوارە ڕێگا بە کردنەوەی شوێنە خزمەتگوزارییەکان بدەن، هەروەها تەنها ڕێگا بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی تەندروستی و فریاکەوتن و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان دەدرێت لەو کاتانەدا هاتووچۆ بکەن.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئاماژەی بەوەشداوە کە هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربە خۆکان و شارۆچکەکان، بە گوێرەی سیستەمی پێشوو لە ڕێگەی ڕێپێدانی ئەلیکترۆنی دەبێت و فڕۆکە خانەکان و دەروازە سنورییەکانیش بە داخراوی دەمێننەوە.

هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، یانە، هۆڵەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو، سەنتەرەکانی لەشجوانی، یاریگای وەزشی گەڕەکەکان، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵەکانی بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆ و رێستۆرانتەکان بە داخراویی دەمێننەوە.

لەبارەی مزگەوتەکانیش، وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە کە بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزیری ئەوقاف و تەندروستی، یەکێتی زانایان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاریدراوە، مزگەوتەکان بە داخراوی بمێننەوە.